کۆمپانیای هۆندا مۆتۆری ژاپۆنی ڕایگەیاند کە تا کۆتایی ئەمساڵ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانی لە کۆریای باشوور ڕادەگرێت، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی داڕشتنەوەی کارەکانی و چڕکردنەوەی سەرچاوەکانی هاوتەریب لەگەڵ ستراتیژی داهاتووی خۆی. سەرەڕای وەستاندنی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێ، هۆندا دووپاتیکردەوە کە بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی چاککردنەوە و پارچەی یەدەگ و گەرەنتی بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی ئێستای کۆریای باشوور بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە بڕیاری کشانەوەکە دوای هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر دێت بۆ ئەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەی کە لە بازاڕی جیهانی ئۆتۆمبێلدا ڕوودەدەن و بەتایبەتی لە کۆریای باشوور. هۆندا هەوڵدەدات توانای کێبڕکێی خۆی لە مامناوەند و درێژخایەندا بەرز بکاتەوە بە ئاراستەکردنی سەرچاوەکانی بەرەو بەشەکانی گەشەسەندنی بەرزتر.
هۆندا ڕوونیکردەوە کە بازرگانی ماتۆڕسکیلەکەی لە ناوەندی کارەکانیدا لە کۆریای باشوور دەمێنێتەوە، پلانی هەیە لە ماوەی داهاتوودا بەرهەمەکانی فراوانتر بکات و خزمەتگوزاری کڕیاران باشتر بکات.
هۆندا بۆ یەکەمجار لە مانگی ئایاری ٢٠٠٤دا کاروباری ئۆتۆمبێلی کۆریای باشووری دەستپێکرد، مۆدێلە ناسراوەکانی وەک ئاکۆرد و سی ئاڕ ڤی ناساند. بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی دابەزینی فرۆش بووەتەوە لە نێوان باڵادەستی براندە ناوخۆییەکانی وەک هیۆندا و کیا، هەروەها بەرزبوونەوەی خێرای کۆمپانیا چینییەکان، دیارترینیان کۆمپانیای BYD. هۆندا لە ساڵی ڕابردوودا لە کۆریای باشوور کەمتر لە دوو هەزار ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی زیاتر لە 20% دابەزیوە. هەروەها کۆمپانیاکە لە بازاڕە سەرەکییەکانی ئاسیادا ڕووبەڕووی دابەزینێکی هاوشێوە بووەتەوە، لەنێویاندا چین، کە پێشبینی دەکرێت فرۆشی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ نزیکەی ٦٤٦ هەزار ئۆتۆمبێل دابەزێت، کە بە بەراورد بە پێنج ساڵ لەمەوبەر تا ٦٠% کەمیکردووە. هەروەها ئەم دابەزینە کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی تایلەند و مالیزیا و ئەندەنوسیا هەبووە.
شرۆڤەکاران پێیان وایە پێشکەوتنی خێرای ئۆتۆمبێلە چینییەکان بەتایبەتی لە تەکنەلۆژیای شەحنکردنەوەی مەودای دوور و خێرادا، فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر کۆمپانیاکانی ژاپۆنی و کۆری و کۆمپانیا جیهانییەکانی دیکە لە بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمەش وایکردووە هۆندا هەڵسەنگاندن بۆ ستراتیژی خۆی بکاتەوە و لە هەندێک لە بازاڕە کەم قازانجەکانی خۆی بکشێتەوە.


