بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر دووپاتی کردەوە، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی سەرپێچی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدەن سزا و غەرامە دەکرێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەرێمی کوردستان یان پارێزگاکانی تری عێراقی هەبێت، یان تەنانەت تابلۆی بیانیشیان هەبێت.
ڕائید هێمان ئەمین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “هەر ئۆتۆمبێلێک سەرپێچی تیژڕەوی یان هەر سەرپێچییەکی تری هاتوچۆ لە سنووری هەولێر ئەنجام بدات تۆماری دەکرێت، هەروەها هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی هەولێر و ئەوانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە پارێزگاکانی تری عێراقەوە دێن بەپێی هەمان یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کاتێک لەلایەن دەوریەی هاتوچۆوە دەوەستێنرێت، پێویستە خاوەنەکانیان بڕوانامەی پاککردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر وەربگرن، لەو کاتەدا سەرجەم غەرامە کارپێکراوەکان دەسەپێندرێت”.
ڕائید ئەمین هەروەها ئاماژەی بەوەدا “ئەو پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییە هاوبەشەی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان و عێراق کە مەبەست لێی ئاسانکاری بوو بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە تابلۆی ئۆتۆمبێل و غەرامەکردن، تا ئێستا کارا نەکراوە”.


